راپۆرتی کومیته‌ی نه‌شریه له سه‌ر بڵاڤۆکی چیا
نویسنده: ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بڵاڤۆکی چیا
ئەم ڕاپۆرتە لە ڕۆژی ٢٩ی گوڵاندا، لە لایەن بەڕێز "ئەمین عەزیزی" ەوە خوێنراوەتەوە.
گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو له سه‌ر چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه و رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ڵ ده‌ینه‌وه، ده‌بینین که ره‌وتێکی سه‌دان ساڵه تێپه‌ڕیوه و ده‌یان قۆناخی عاسته‌م و دژواری بڕیوه. ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ له جیهاندا به نێو رۆژنامه‌گه‌ری ده‌ناسرێت، به راده‌یه‌ک له گه‌ڵ ره‌وته سه‌ره‌تایه‌کان و ته‌نانه‌ت 20، 30 ساڵ له‌مه‌و پێش، جیاواز و پێشکه‌وتووه، که له به‌راورددا، جێگای سه‌رسووڕمانه. تکنۆلۆژیای پێشکه‌وتوی ئه‌مڕۆ به تایبه‌ت له بواری چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌گه‌ری، ئه‌و هه‌له‌ی ره‌خساندووه، که لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی نێو کۆمه‌ڵ، به پێی ده‌رفه‌ت، بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا و قازانجی خۆیان، که‌ڵکی پێویست و تایبه‌تی لێ وه‌ر بگرن. دیاره لایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه، مه‌ودای که‌ڵک وه‌ر گرتنی گه‌لێک زۆرتره. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه، که ئه‌بوایه بیر و ڕا و ده‌نگه جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ، مه‌ودای ئه‌وه‌یان ببوایه که به ئاسانی و به‌ربڵاوی له تکنۆلۆژیای پێشکه‌وتووی چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌گه‌ری که‌ڵکیان وه‌ر بگرتایه‌ت. به‌ڵام راستیه‌کان باس له شتێکی دیکه ده‌که‌ن، که ئه‌وه باسێکی جیاوازه و پێوه‌ندی به‌م راپۆرته‌وه نییه.
سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه جوراوجوره‌کانی نێو کۆمه‌ڵ به پێی هه‌ل و مه‌رج و باروودۆخی ژیان و گۆڕانکاریه‌کان، راستییه‌کی ئاشکرایه که ئه‌مڕۆ ئێمه به‌رده‌وام له هه‌موو جیهان و وڵات و ناوچه و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆشمان‌دا ده‌یبینین. بزوتنه‌وه‌ی پێوه‌ندیدار به ژینگه و ژینگه‌پارێزی، ره‌وتێکی جیهانییه و چه‌ند ساڵێکیشه شار و شارۆچکه و گونده‌کانی لای ئێمه‌شی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌مه زۆر جێی خۆشحاڵییه و نیشانه‌ی گه‌شه‌ی شارستانیه‌تی ئێمه‌یه.
کاریگه‌ری ئاکاره‌کانی مرۆڤ له سه‌ر ژینگه، گه‌یشته راده‌یه‌ک که هاواری ئێش و ئازاره‌کانی، ئاسمان و زه‌وی هێنایه زریکه. بۆیه کاردانه‌وه‌ی ئه‌و ئازار و ئاکارانه، ویژدانی خه‌وتووی کۆمه‌ڵی وه‌خه‌به‌ر هێنا و به هه‌زاران کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ئه‌نجومه‌ن و دامه‌زراوه له جیهاندا هاتنه مه‌یدان و هاواریان کرد: ئیتر به‌سه!!
ئه‌م ناوچه‌ی ئێمه‌ش له‌و ره‌وته جیهانییه دوا نه‌که‌وت و به دامه‌زرانی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، ئاڵای خۆشه‌ویستی سروشت و ژینگه‌پارێزی له ده‌ڤه‌ری مه‌ریوان و سه‌وڵاوا به‌رز کرده‌وه.
به‌ڕێزان! ئه‌مه راپۆرتی چالاکی و تێکۆشانه‌کانی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا نییه. ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌م راپۆرته‌وه هه‌یه، ده‌رکردن و بڵاو کردنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی کاغه‌زی ((A4، له ژێر ناونیشانی؛"چیا"، تایبه‌تنامه‌ی ناوخۆیی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیادایه، که ئه‌نجه‌مه‌ن له سه‌ره‌تای ساڵی 1388دا له هه‌نگاوێکی بوێرانه و دلسۆزانه‌دا، بۆ راگه‌یاندن و گه‌شه سه‌ندنی بیرۆکه‌ی ژینگه‌پارێزی و هه‌واڵه پێوه‌ندیداره‌کان به ژینگه و ژینگه‌پارێزیه‌وه، له چاپی داوه و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه. ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕه ره‌ش و سپییه، به‌و قه‌واره هه‌ژارانه‌یه‌وه، نێوێکی دیکه‌ی جگه له چاپه‌مه‌نی و بڵاڤۆک نییه. له‌م گوزارشه‌دا، مه‌به‌ست له هاوردنی ناوی چیا، تایبه‌تنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیایه.
بسمیلای کاره‌که به کورته په‌یامێک که به نووکه‌ی گووشی موبایله‌کان ئاگادار ئه‌بینه‌وه، ده‌ست پێ ده‌کات. په‌یامه‌که ئه‌وه‌یه: "کات ژمێر نۆ و نیو، له ده‌فته‌ری ئه‌نجومه‌ن دانیشتنی نه‌شریه‌ی چیا به‌ڕێوه ئه‌چێت." نیو سه‌عاتێک له کاتی دیاری کراو تێ ئه‌په‌ڕی، ورده ورده ئه‌ندامانی کومیته‌ی نه‌شریه، ئه‌گه‌نه شوێنی کۆبوونه‌وه و، ده‌فته‌ر و ده‌سه‌کی تایبه‌ت به نه‌شریه ئاماده ده‌کرێت. سه‌ره‌تا ره‌خنه‌و تێبینیه‌کان له سه‌ر هه‌ڵه و گرفته‌کانی ژماره‌ی پێشوو باسی لێ ده‌کرێت. پاشان ئه‌و بابه‌ت و وتارانه‌ی له سه‌ر فایلی دیاریکراو یا بابه‌ته‌کانی دیکه، که له رێگای ئیمه‌یل و ده‌سنووس گه‌یشتوون ده‌خرێته به‌رده‌ستی ئه‌ندامانی کومیته. هه‌ر بابه‌تێک پێویست بێت ده‌خوێنرێته‌وه و بۆ په‌سه‌ند کردن ده‌نگی بۆ ئه‌درێت. له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌وه ده‌ست پێ ده‌کرێت، سه‌ر وتار کێ ئه‌ینووسێت؟ کاک عرفان، کاک عه‌دنان، کاک ئیره‌ج،؛ ناوی که‌سی دیاری کراو له ده‌فته‌ری نه‌شریه‌دا ئه‌نووسرێت. بۆ دوو ستوونی لاپه‌ڕه‌ی یه‌ک، به‌ر پرسه‌که‌ی به کۆی ده‌نگ دیاری ده‌کرێت. به‌رپرسی کۆ کردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان، ئه‌رکی گرانه، هه‌موو هه‌واڵێکی په‌یوه‌ندیدار به ژینگه، ئه‌بێ راستیه‌که‌ی سه‌لمێندرابێت. هه‌واڵی بێ بنه‌ما و شایعه، له چاپ نادرێت. ئه‌ندامانی کومیته، به سه‌رنجی زۆرتر گوێ له خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان ئه‌گرن. خۆلاسه بۆ هه‌ر 8 لاپه‌ڕه‌که، بابه‌ت و وتار و هه‌ر شتێکی په‌سه‌ند کراو دیاری ده‌کرێت، یا به‌رپرسێک بۆ ئاماده کردنی ده‌ناسرێت. کات دیاری ده‌که‌ن، به‌شکه‌م هاوڕێیان زوو ئه‌رکه‌کانیان راپه‌ڕینن. ئه‌گه‌ر پێویست بوو کۆبوونه‌وه‌ی دیکه ده‌گیرێت. زۆر جار کاک ئیبراهیم ئه‌دوایی ته‌رح بۆ بابه‌ته‌کان ئاماده ئه‌کات. کاتێ هه‌موو بابه‌ته‌کان ئاماده کران، هه‌ر بابه‌تێک له شوێنی خۆی داده‌نرێت و چه‌ند نوسخه‌یه‌کی لێ پرینت ده‌کرێت، بۆ هه‌ڵه‌گری و راستکردنه‌وه‌ی گرفته‌کانی، دوای یه‌ک دوو رۆژ ئاماده‌ی چاپ ده‌بێت. ئه‌ڵبه‌ته به هه‌ڵه تێ نه‌گه‌ن، مه‌به‌ست له چاپ، فتۆکۆپیه. زۆر جار خاوه‌ن فتۆکۆپی چاپی گۆڤاره‌که‌مان دوا ئه‌خات، یا ئه‌ڵێ کاغه‌زم نه‌ماوه، یا ده‌ستگاکه‌ی کار ناکات، یا له به‌ر قه‌رزه پێشوه‌کانی بیانووی جۆراوجۆر ده‌گرێت.( ئه‌مه پێشتر زۆر رووی داوه، به‌ڵام ئه‌م گرفتانه ئیستا که‌متره و پێویسته ده‌ستخۆشی و سپاسی خاوه‌ن فتۆ کۆپی له بیر نه‌که‌ین.) هه‌ر جۆرێک بێت له دووکانی فتۆکۆپی نه‌جاتمان ئه‌بێت، نۆبه‌ی کاک حه‌مه‌ی ساڵحی دێت، بڵاو کردنه‌وه‌ی له ئه‌ستۆی ئه‌وه، هاوڕێیانی بانگهێشتی سنجاق کردن و دابه‌ش کردنی شوێنه پێویسته‌کان ده‌کات. به‌شی کیوسکه‌کان، به‌شی گونده‌کان، به‌شی ئیداره‌کان، هه‌ر شوێنه‌و به‌شی خۆی جیا ئه‌کرێته‌وه. به‌م جۆره ژماره‌یه‌کی نوێی چیا له دایک ئه‌بێت.
چیا، به پێی توانا و ده‌ره‌تان، مه‌به‌ستگه‌لێکی بۆ خۆی دیاری کردووه. ئه‌م بڵاڤۆکه، له رێبازی ئه‌نجومه‌نێکی ژینگه‌ییدایه و هه‌وڵی داوه، هه‌ر بابه‌ت و وتار و هه‌وال و راپۆرتێک که پێوه‌ندی به ژینگه و ژینگه‌پاریزیه‌وه ببێت، بیخاته به‌رده‌ست خوێنه‌رانی. له به‌ر ئه‌وه‌ی که توانای ماڵی چیا زۆر که‌مه و ناتوانێت راپۆرت و هه‌واڵ و بابه‌ته‌کان به وێنه‌ی ره‌نگی بڕازێنێته‌وه، وه یا ته‌نانه‌ت توانای که‌ڵک وه‌ر گرتن له چاپخانه‌ی تایبه‌تی رۆژنامه و گۆڤاریشی نییه، دیاره بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌کانی، ده‌ست به‌ستراویه‌کی زۆری هه‌یه و ناتوانێت ئه‌و جۆره‌ی پێویسته له خزمه‌تی ئامانجه‌کانی دا بێت. به‌ڵام چیا، ویستوویه‌تی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که له توانای دا هه‌یه، ببێته ده‌نگ و هاواری ئه‌و ویژدانه وه‌خه‌به‌ر هاتوانه‌ی که بۆ سروشت و ژینگه‌ی وڵات و نیشتمانه خۆشه‌ویسته‌که‌یان دڵسۆزی ده‌نوێنن. داوه‌ری له سه‌ر کاریگه‌ری په‌یامه‌کانی چیا، له ئه‌ستۆی هاووڵاتیان و خوێنه‌رانی چیادایه. چیا له‌م سێ ساڵه‌ی مه‌ودای تێکۆشانی‌دا، به دوو زمانی کوردی و فارسی، هه‌ر مانگێک جارێک یا دوو جار، سه‌رنجی خوێنه‌رانی خۆی بۆ بڕێک هه‌واڵ و بابه‌تی تایبه‌ت راده‌کێشێت.
دۆستان بێ ئاگا نین که، هه‌ر له ناوچه‌ی مه‌ریوان و سه‌وڵاوادا، به هه‌زاران کاره‌سات و رووداوی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی ژینگه‌یی رووی داوه و روو ئه‌دات و کاردانه‌ویشیان له سه‌ر چرکه‌کانی ژیانی ئێمه‌ش ئاشکرایه. چیا وه‌ک ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیه‌ک ئامانجی هوشیار کردنه‌وه و فه‌رهه‌نگ سازی له هه‌موو بواره‌کانی ژینگه پارێزیدا بووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه رووداوه ژینگه‌ییه‌کانی ناوچه‌ی ئێمه له راده‌ی قه‌یرانیش تێپه‌ڕیون و بوونه‌ته کاره‌سات. بۆ نموونه کاره‌ساتی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ی دارستانه‌کان، وه یا خێرایی ره‌وتی له‌ناو چوونی زرێبار. ئه‌ڵبه‌ته زۆرێک له رۆژنامه و گۆڤار و رادوێ و ته‌له‌ویزیه‌ن و سایته‌کان به‌رده‌وام باسی ژینگه ده‌که‌ن. به‌ڵام، شێوازی ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیه‌کانی چیا، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و ئه‌ندامان و ده‌سته‌ی کارگێری ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، به هۆی ده‌رگیر بوونی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و کاره‌ساته ژینگه‌یه‌کانی ناوچه‌که، بۆ گواستنه‌وه‌ی راستیه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌ی باسه‌کان و ئاگاهی دان و هوشیار کردنه‌وه، له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دان و هیچ راگه‌یه‌نه‌رێک ئاماده نییه ئه‌م ئه‌رکه به ئه‌ستۆ بگرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه، بێ پشتیوان بوونی ئه‌نجونه‌ن و بڵاڤۆکه‌که‌ی و ده‌ست کورتی ماڵی به تایبه‌ت له بواری چاپه‌مه‌نی، ده‌رفه‌تی خزمه‌تی زۆرتر نادات. سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرفت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ک، بڵاڤۆکی چیا، به ده‌نگی به‌رز و ره‌سا، گه‌لێک په‌یامی نوێ و سه‌رنج راکێشی له ناوچه‌دا بڵاو کردووه‌ته‌وه و گه‌لێک نووستووی وه خه‌به‌ر هێناوه و زۆر خه‌ون و خه‌یاڵی چه‌په‌ڵی به‌تاڵ کردووه‌ته‌وه. ئامانجی سه‌ره‌کی چیا، راکێشانی سه‌رنجه‌کان بۆ گرنگی دان به ژینگه‌یه. ژینگه ته‌نیا مڵکی تاقم و که‌س و لایه‌نێک نییه، ژینگه ئه‌و پاپۆڕه‌یه که ئه‌گه‌ر له ده‌ریای بی سنووری ژیاندا تووشی هه‌ڵدێر و خنکان بێت، ئه‌وا هه‌موو مسافره‌کانی ده‌که‌ونه مه‌ترسی. جا چیا چه‌ند توانیبێتی و بتوانێت هوشیاری بداته کۆمه‌ڵ و به‌رپرسان و دۆستانی ژینگه، ئه‌وه ره‌مزی مه‌به‌ست و سه‌رکه‌وتنیه‌تی. چیا هه‌رچی بێت، ده‌نگێکی نوێ و مۆدێرنی ئه‌مرۆی ناوچه‌که‌مانه. ده‌نگێک که زۆر جار به داخه‌وه له نێو ئابلۆقه‌ی کاره‌ساته ژینگه‌یه‌کان و زۆربوونی تاڵانکاری سه‌رچاوکان ژینگه بزر ده‌بێت و که‌سانێک به ته‌شه‌روه سه‌یری ئه‌که‌ن و ئه‌ڵێن چێو له تاریکی ئه‌کوتن. چیا، هاواری زرێبار و دارستانه‌کان و ئه‌و گیان له‌به‌ر و په‌له‌وه‌ر و سه‌چاوه سروشتیانه‌یه که له رێگای ویژدانی وه‌خه‌به‌رهاتووی کۆمه‌ڵێک گه‌نج و کچ وکوڕ و ئینسانی دلسۆز، به‌رده‌وام، بێ خه‌به‌ر و خه‌وتووه‌کان رائه‌چڵه‌کێنێت.
تایبه‌تنامه‌ی چیا بۆ هه‌ر ژماره‌یه‌کی بۆنه وه یا بابه‌تێکی ژینگه‌یی دیاری ده‌کات، که به شێوه‌ی جۆراوجۆر بیخاته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. وه‌ک: رۆژی جیهانی ئاو، هه‌وای پاک، زه‌وی پاک، رۆژی ژینگه، رۆژی جیهانی کوێستان، کێشه ژینگه‌یه‌کانی مه‌ریوان، ژینگه و گونده‌کان، داگیر کردنی زه‌ویه گشتیه‌کان، رۆژی جیهانی تالاب، راهێنانی منداڵان بۆ ژینگه‌پارێزی، ئاگری دارستانه‌کان، ئابووری و ژینگه، فه‌رهه‌نگی میوانداری له نه‌ورۆز و پشووه‌کاندا، نه‌مام چاندن، فه‌رهه‌نگی شارنشینی، بارودۆخی زرێبار، له ناو بردنی له‌وه‌ڕگه و دارستانه‌کان، ده‌وری ئه‌نجومه‌نه ژینگه‌یه‌کان، ماف و ئه‌رکه‌کانی شارۆمه‌ندی، رووداوه سروشتیه‌کان، پاراستنی ئاسه‌واره که‌ون ئاراکان، ده‌وری مامۆستا و خوێندکار و قوتابی له پاراستنی ژینگه، زیانه‌کانی له ناو بردنی دارستان بۆ زه‌ویه کشتوکاڵیه‌کان، ده‌وری رۆشنبیران له ژینگه‌پارێزیدا، راوی په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵه کێویه‌کان و زیانه‌کانی بۆ سروشت و ژینگه، پاراستنی سه‌یرانگاکان، ژینگه له روانگه‌ی ئایینه‌وه.
ئه‌ڵبه‌ته له په‌نای باس و لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دیاری کراوانه‌دا، گه‌لێک ته‌وه‌ر و باسی پێویست له سه‌ر گیر و گرفت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی شار و گونده‌کان و ته‌نگه‌ژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له چیادا باس کراوه. له هه‌موو ژماره‌یه‌کدا له به‌شی یه‌ک ستوونی سه‌روتاردا به کورتی ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی تایبه‌تنامه‌که ورووژاوه. له دوو ستوونی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌میشدا، زۆرتر به زبانی ره‌خنه و هوشیار کردنه‌وه، بابه‌ته ژینگه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان شی کراونه‌ته‌وه. به ئاماژه بۆ بڕێک له سه‌رتیتری بابه‌ته‌کان، یاده‌وه‌ری ناوه‌رۆکی په‌یامه‌کان نیشان ئه‌درێت. بۆ نموونه؛ هه‌ڕه‌شه‌ی بلاو بوونه‌وه‌ی ته‌پ و تۆز، ئاوبه‌ندی خاکی یا په‌تی سێداره، جوی ئاب یا جۆگه‌ی ئاگر، گیانێکی سه‌وز له جه‌سته‌ی مه‌ریوانی چیادا، زرێبار یا زرێ جاڕ، ای جنگل این‌جا سینه‌ی من چون تۆ زخمی است، که‌س هه‌یه هاوار و زریکه‌ی مه‌ل و مووری چیاکان ببیستێت؟، چشمانی مملو از عشق و دود و اشک، چشمه زندگانی در خطر نابودی، مشکه‌کان تا که‌ی که‌لێن و قوژبنی ئه‌م وڵاته هه‌ڵ ده‌کۆڵن؟، بی تفاوتی روشنفکران و زجه‌های جانسوز جنگل، حیات آخرین کل ها و کبکهای زاگروس و....
بلاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵ له سه‌ر رووداوه ژینگه‌یه‌کان به‌شێک له لاپه‌ڕه‌کانی چیای ره‌ش کردوه‌ته‌وه و هه‌رکامه‌و په‌یامیکی نوێی بۆ سه‌رنج راکێشان پێیه. به تایبه‌ت له گه‌رماوگه‌رمی ئاگری دارستانه‌کان له ساڵی پێشوو، له هه‌مو ژماره‌یه‌دا له لاپه‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌تدا، به جه‌دوه‌لی تایبه‌ت ئاماری ئاگره‌کان به دیاری کردنی شوێن و کاتی ئاگر که‌وتنه‌وه‌که، ئه‌و هه‌واڵه نه‌خوازراوه په‌خش ده‌کرایه‌وه. ئه‌وه‌بوو کاربه‌ده‌ستان به ته‌واوی نکوولیان له‌و هه‌موو ئاگره ده‌کرد و له راگه‌یه‌نه‌ره گشتیه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌کی به درۆیان ده‌خسته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ئامارانه به پێی راسترین راپۆرتی گیان له سه‌ر ده‌ستانی ئه‌نجومه‌نی چیا ئاماده کرابوو و بوونه‌ته به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی و راستیه‌کی تاڵی ژینگه‌یی ناوچه‌که‌مانه. هه‌واڵه‌کانی دیکه چیا، به‌و په‌ڕی ئه‌مانه‌ت و راستگۆیی و به په‌یامی تایبه‌تی خۆیه‌وه بڵاو کراونه‌ته‌وه. لاپه‌ڕه‌ی هه‌واڵه‌کان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن که په‌یامه‌کانی ئه‌نجومه‌نی چیا و چیاکه‌ی تا چ راده‌یه‌ک کاریگه‌ر بووه له سه‌ر گیانی ژینگه پارێزی و خۆشه‌ویستی سروشت له لایه‌ن دانیشتوانی ناوچه‌که‌وه. به نمونه، با سه‌رنج بده‌ینه ئه‌م هه‌والانه که ئه‌ڵێت؛" دوو هاووڵاتی چه‌ند به‌چکه قشقه‌ڕه‌یان له تیاچوون رزگار کرد...، یا " سه‌یرانگای ناوتاق و دێی به‌ردی سپی له لایه‌ن خوێندکارای سه‌ره‌تایی پاک کرایه‌وه، یا؛ بڵاو کردنه‌وه‌ی 5000 تراکت و نایلۆن له رۆژی سیازده‌به‌ده‌ر له لایه‌ن لاوانی ئه‌نجومه‌نی چیاوه؛ پاک کردنه‌وه‌ی گونده‌کانی بالک، نێ، چۆڕ و نه‌نه، دزڵی و زۆر گوندی دیکه، تیمار کردنی کۆترێکی بریندار، خه‌ڵکی ئاوایی ده‌ره‌تفێ هێلانه بۆ حاجی له‌ق له‌ق ساز ده‌که‌ن، تیمار کردنی هه‌ڵۆیه‌کی باڵ سووتاو کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌کان له لایه‌ن خه‌ڵکی گونده‌کانه‌وه، کۆ کردنه‌وه‌ی قلیان له قلیان فرۆشیه‌کانی ناو شار له لایه‌ن ئیداره‌ی بهداشتی مه‌ریوان، به‌شداری ژنان له کومیته‌ی ژنانی چیا، به‌شداری ئیمام جومعه و خه‌ڵکی ده‌ره‌ناخێ له هه‌ڵمه‌تی ئاگر کوژاندنه‌وه. ئه‌ڵبه‌ته زۆر هه‌واڵی ناخۆش و دڵته‌زێنیش به تایبه‌ت له سه‌ر ئاگری دارستان و زرێبار بلاو بوونه‌ته‌وه، که دیاره مه‌به‌ست گواستنه‌وه‌ی راستیه‌کان و هوشیار کردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه له کاره‌ساته ژینگه‌یه‌کانه.
چیا له لاپه‌ڕه ناوخۆیه‌کانی دا به پێی ده‌رفه‌ت گه‌ڵێک وتار و راپۆرت و وت و وێژی له گه‌ڵ به‌رپرسان و کارناساندا، له چاپ داوه. وتارگه‌ڵێکی به نرخ، که دۆستانی چیا به گرنگی دان به باروودۆخی ژینگه‌ی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا، به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه و یا به ره‌خنه و ته‌نز و هه‌ڵسه‌نگاندن، به‌شداری ره‌وتی سه‌وزی چیا بوونه. که بۆ نموونه ئه‌توانین ئاماژه بکه‌ینه وتاره به نرخه‌کانی؛ به‌ڕێزان، ئه‌نوه‌ر ره‌وشه‌ن، فاتێح مسته‌فایی، موختار ناسری، ئه‌یوب غوڵامی، به‌یان نیک په‌ی، خه‌لیل خاوه‌ریان، خالد یوسفی، محمه‌د دانش، عه‌دنان داستوار ، ئیبراهیم مه‌ردۆخی، مه‌سعوود مسته‌فاسوڵتانی، بهروز که‌ریمی، مه‌سعود کۆنه‌پۆشی، ئومید په‌روازه، ئومید ره‌شیدی، ناجی کانی سانانی، عرفان حسه‌ینی، ئیره‌ج قادری، برهان ئه‌خته‌ر، ره‌ئوف مه‌حموودپوور، عه‌بدوڵا سوهرابی، ئاوات ره‌شیدی، فاروق سه‌عید زاده، دانا له‌نجاوایی، کورش ئه‌مینی، ناسر کانی سانانی، مه‌حمود موبارکشایی، سالح حه‌بیبی، مختار دانش، بشرا محمودی، محمه‌د بانی، محه‌مه‌د عه‌بدی، نیشتمان کانی سانانی و... .
چیا، له 35 ژماره‌ی به‌رده‌وامی خۆیدا، له ژێر ناوی ناساندن و ژینگه‌پارێزی له گونده‌کان، 35 ئاوایی ناوچه‌کانی مه‌ریوان و سه‌وڵاوای به کورتی و تا راده‌ی پێویست به خوێنه‌رانی ناساند و تایبه‌تمه‌ندی و که‌م و کووڕیه‌کانی ئه‌و گوندانه‌ی به پێی زانیاریه‌کانی به‌رده‌ست هه‌ڵسه‌نگاند.
چیا به گرینگی دان به ئه‌رکی راهێنانی منداڵان له بواری خۆشه‌ویستی نیشتمان و ژینگه و سروشت، لاپه‌ڕه‌یه‌کی له هه‌موو ژماره‌یه‌کدا ته‌رخان کردووه و له رێگای چیرۆک و شێعر و نه‌قاشی و رێنوێنی، ئه‌و ئه‌رکه رائه‌په‌ڕێنێت.
دوایین لاپه‌ڕه‌ی چیا، بۆ چه‌ند بابه‌ت ته‌رخان کراوه؛ یه‌که‌م؛ ده‌نگی هاوشاریان بڵاو ده‌بێته‌وه و له ژێر ناوی په‌یام مه‌ردوم، که له رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فوونی، په‌یام و ره‌خنه و داواکاری ده‌گه‌یه‌ته گوێ به‌رپرسانی ئیداری و یا په‌یامی سپاس و رێز لێنان بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌م به‌شه تریبونێکی ئازاده، که په‌یامه‌کانی دانیشتوان ده‌گه‌یه‌نێته گوێی به‌رپرسان و په‌یامێکی شارستانیا‌نه‌یه. هه‌ر وه‌ها له‌م لاپه‌ڕه‌دا، ستوونێکی ئازاد بۆ بیر و رای شارۆمه‌ندانه و له سه‌ر هه‌موو ته‌وه‌ره ژینگه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بابه‌ت بڵاو ده‌کاته‌وه. هه‌ر ژماره‌یه‌کیش له‌م لاپه‌ڕه‌دا به شێعریک ده‌ڕازێته‌وه و به‌شی ته‌بلێغات و په‌یغامه تایبه‌ته‌کان له‌م دوایین لاپه‌ڕه‌دایه.
چیا، به هه‌ر حاڵ؛ به هه‌موو که‌م و کووڕی و، کاڵ و کرچی و، بێ ره‌نگ و رازاندنه‌وه‌ی، که سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی لاوازیه‌کانی، بێ ده‌سه‌ڵاتی ماڵییه، بلاڤۆکێکی ژینگه‌یی و سه‌ربه‌خۆیه که بۆ په‌ره سه‌ندنی بیری سه‌وز له شار و گوند، بووه‌ته، هاواری ده‌نگه خنکاوه‌کان. چیا هاواری هه‌موو لقه دارێکی سه‌وزی ئه‌م وڵاته‌یه که پاراستنی، ئه‌رکێکی گشتیه و زیان پێ گه‌یاندنی گوناحێکی نه‌به‌خشراو. چیا، هاواری زرێباری په‌ت له مل هه‌ڵخراوه، که له لایه‌ک به زبڵ و فازڵاو و له لایه‌کی دیکه به ئاوبه‌ندی ده‌سکرد، نیازی فه‌وتان و خنکانیان هه‌یه. چیا، هاواری هه‌موو په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵه کێوی و مه‌ل و مووری ئه‌م وڵاته‌یه، که مرۆڤی ده‌ستدرێژیکار، ده‌یه‌وێت مافی ژیانیان لێ بستێنێت و بۆ حه‌زه کاتییه‌کانی خۆی به له ناو بردنیان جوانی سروشت بفه‌وتێنیت. چیا، هاواری شه‌قام و کۆلانه وێرانه‌کانی مه‌ریوانه، که هه‌موو شه‌وێک خه‌ون به قیرتاو و پاک و پوخته‌ییه‌وه ده‌بینن، چیا، هاواری ئه‌و زه‌ویه داگیر کراوانه‌یه که تا دوێنی له‌وه‌ڕگه و دارستان بوون و ئه‌مڕۆ قازانج په‌ره‌ستان، به سووتان و کاولکردنیان، ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی ژیان، هه‌ڵده‌لووشن و مافی گشتی به ئاشکرا پێشێل ده‌که‌ن، چیا، هاواری ئه‌و میراته فه‌رهه‌نگی و ئاسه‌واره که‌ون ئارایانه‌یه که تاڵانکه‌رانی وڵات به دزین و ته‌فرووتوونا کردنیان زیانێکی قه‌ره‌بوو نه‌کراو ده‌گه‌یه‌نه سامانه گشتیه‌کان. چیا هاواری ئه‌و مسافره شارستانیه‌یه، که بازاریه‌کی سوود په‌ره‌ست بێزاری ده‌کات و زیان له توریسمی ناوچه‌که ده‌دات، چیا، هاواری هه‌موو ئه‌و سه‌یرانگایانه‌یه که دوای رابواردن، میوانه‌کانی له هه‌موو جۆره زبڵ و گه‌نده‌ڵی و بۆگه‌نیه‌ک ده‌ی ئاخنن و ئه‌و په‌ڕی بی فه‌رهه‌نگی ده‌نوێنن. چیا هاواری بێزاری له فه‌رهه‌نگی سه‌قه‌تی رانه‌نده‌گی و هاتووچۆکه‌رانی شه‌قامه‌کان و شپرزی دوکان و بازاڕ و پیاده‌ڕه‌وه‌کانی مه‌ریوانه که ئاسه‌واڕیک له شارستانیه‌تی پێوه دیار نییه. چیا هاواری ئاسمانی خنکاوی ناوچه‌که‌مانه، که به ته‌پ و تۆزی هه‌نارده‌ی بیابانه عه‌ره‌ب نشینه‌کان، گه‌رووی تاساوه.
ئه‌گه‌ر ئه‌تانه‌وێ ئه‌م هاوارانه نه‌خنکێن، یارمه‌تی چیا بده‌ن.
No comments:
Post a Comment